|
هۆزان ده‌روێش:
له گۆرانیبێژه ئافره‌ته كورده‌كان ڕ‌ازى نیم
زه‌نگ-كاروخ ئه‌سعه‌د
(سیا ده‌روێش) كه به (هۆزان ده‌روێش) ناسراوه،
له (كۆپان) ی سه‌ر به پارێزگای حه‌له‌ب له
سووریا له ساڵی 1982دا چاوی به دنیا هه‌ڵهێناوه
و، ئێستایش ژیانی پێكه‌وه‌هێناوه و دانیشتووی
شاره‌دێی (پیرمام)ـه. (هۆزان) له‌م دیمانه‌یه‌دا،
وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی (زه‌نگ) ده‌داته‌وه.
كاروخ: سه‌ره‌تا وه‌كو سروود بیژیك هاتیه ناو
دنیای هونه‌ره‌وه، به‌ڵام ئێستا گۆرانییه‌كانت
زیاتر شادن؟
هۆزان ده‌روێش: ڕاسته من سه‌ره‌تا به سروود ده‌ستم
پێكرد، چونكه سروود بۆ میلله‌ته‌كه‌م پێناسه‌یه
و، ئێستایش من له‌گه‌ڵ سروودا ده‌ژیم و تا ماوم
ئاماده‌م سروود بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان
بڵێم، به‌ڵام به دڵنیاییشه‌وه هه‌موومان ده‌زانین
كه هونه‌ر ته‌نیا سروودگوتن نیه و، گۆرانی شادیش
پێویسته.
كاروخ: پێت وایه له سروود گوتن, یان له گۆرانیی
شاییدا زیاتر سه‌ركه‌وتن به ده‌ست ده‌هێنی؟
هۆزان ده‌روێش : من پێم وایه ده‌بێت هونه‌رمه‌ند
له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ئاماده بێت، به پێی
قۆناغه‌كانی ژیان چ سروود، چ گۆرانیی دیكه هه‌ڵوێستی
بۆ نیشتیمانه‌كه‌ی هه‌بێت، بیرمان نه‌چێت كه ئێمه
به‌رگرییه‌كی زۆرمان به سروود له خۆمان كردووه
به‌رانبه‌ر به دوژمن، بۆ نموونه مامۆستا (شڤان
په‌روه‌ر) به سرووده‌كانی توانی كۆسپێك له به‌رده‌م
دوژمنان‌دا دروست بكات.
كاروخ :جاران به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ (هاوتا ئه‌سعه‌د)ـدا
سروودتان ده‌چڕی، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆره به یه‌كه‌وه
نابینرێن؟
هۆزان ده‌روێش: من به شانازیی ده‌زانم كه
له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكی وه‌كو مامۆستا (هاوتا ئه‌سعه‌د)دا
چه‌ند سروودێكمان به یه‌كه‌وه تۆمار كردووه، ئه‌وه‌یش
سه‌رده‌مێك بووه بۆ من، به‌ڵام هه‌وڵی من ئه‌وه
بوو وه‌كو(هۆزان ده‌روێش) ده‌ر بكه‌وم، هه‌روه‌ها
خانه‌واده‌كه‌یشم زۆر پشتیوانم بوون و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا
بنه‌ماڵه‌ی (عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف) ی شاعیریش زۆر
پشتگیری‌یان ده‌كردم، گۆرانییه‌كانم به شیعره‌كانی
(عه‌بدولڕه‌حمان بیلاف)ـه‌وه ناسراون كه چه‌ندان
هونه‌رمه‌ندی دیكه‌یش به شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره
ناسراون، بۆیه لێره‌وه من زۆر سوپاسی عه‌بدولڕه‌حمان
بیلاف ده‌كه‌م.
كاروخ: چۆن ده‌ڕوانیته ئافره‌ته گۆرانیبێژه‌كانی
ئێستا؟
هۆزان ده‌روێش : من به‌ش به حاڵی خۆم ناتوانم
بڵیم لێیان ڕازیمه، چونكه لێره هیچ جۆره سانسۆرێك
له‌سه‌ر هونه‌ری گۆرانی نیه، ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ده‌توانێت
ئه‌مڕۆ ببێت به گۆرانیبێژ، بۆیه ده‌ڵێم وه‌كو كه‌سایه‌تیی
خۆم زۆركه‌من كه ئه‌وانه‌ی من لێیان ڕازیمه.
كاروخ: پێتوانییه ژیانی خێزانیت بووبێته كۆسپێك
له به‌رده‌م كاره هونه‌رییه‌كانتدا؟
هۆزان ده‌روێش: ده‌توانم زۆر به ڕاشكاوانه بڵێم
ئه‌گه‌ر پشتگیریی هاوسه‌ره‌كه‌م نه‌بووایه، هه‌ڵبه‌ته
من ئێستا له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم ده‌ستبه‌رداری
هونه‌ره‌كه‌م بووبام، هه‌موویشمان ده‌بێت بزانین ژیانی
خێزانیش به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موویشمان ئه‌و رێگه‌یه‌مان له
پێشه.
كاروخ: جگه له كاری هونه‌ری هیچ كارێكی دیكه ده‌كات؟
هۆزان ده‌روێش: من پێم وایه له بواری هونه‌ردا
تا ڕاده‌یه‌ك هه‌نگاوی باشم ناوه له ناو خه‌ڵكدا،
بۆیه‌یش ناتوانم هیچ كارێكی دیكه بكه‌م، چونكه
كاته‌كانی خۆمم دابه‌ش كردووه، بۆیه به پێی پلانه‌كانی
خۆم كاروباری خێزانیی جێبه‌جێبكه‌م ده‌كه‌م و،
هاوكات به‌شێكیشم بۆ كاره هونه‌رییه‌كان ته‌رخان
كردووه.
|