له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ بۆ هه‌موو جیهان

 

زه‌نگ كورد

zengkurd.net

 

 

زه‌نگێك بۆ هۆشیارى هاووڵاتى.. زه‌نگێك بۆ بێدارى ده‌سه‌ڵات

 

نامەیەک لە ماڵی باوکمەوە

 


وامزانی ئەم هەفتەیە لەوانەیە نەتوانم ئەم نامەیەم بنووسم ، چونکە ئەم هەفتەیە باوکم ناساغ بوو پێویست بوو بچم بۆلای بۆ وڵاتی ئەڵمانیا لەلای بم بۆ خزمەتکردنی.. بەڵام وەکوو هەموو جارێک هاوڕێی دڵسۆز و خۆشەویستم کاک سامان ئیمەیلی بۆ کردم لە دواکەوتنی نامەی ئەم هەفتەیەم دەپرسێ و داوادەکات بینێرم... وامزانی لەبەردەم نەخۆشکەوتنی باوکما لەوانەیە نەتوانم قەڵەم بگرم و هیچ بنووسم ، ئەو باوکەی هەموو ژیانی خۆی بەخشیە ئێمە و لەسەر هەموو پرنسیپەکانی خۆشەویستی و لە خۆبوردوویی پەروەردەی کردین ، شەو و رۆژی خستە سەر یەک بۆ ئەوەی ئێمە لەسەر رێگەی خەبات و خزمەتی ئەم گەلە جێگیر و سەرکەوتوو بکات.. بەڵام لەیەک چرکەدا کە ئیمەیلەکەی کاک سامانم دەخوێندەوە هەستم کرد ئەگەر گۆشەکەم نەنووسم باوکم لەخۆم زویردەکەم ، چونکە ئەگەر لەگەڵمبایە دەستی دەگرتم و دەیگوت بنووسە ، دەیگوت من فێرم نەکردوون لە ئەرکەکانتان دواکەون..
شتێک بیرم لێکردەوە لە رێی نامەی ئەم هەفتەیەوە بینووسم باسی ئەو کائینەیە کە پێی دەڵێن ئادەمیزاد.. کە سەردەکەیت بەو نەخۆشخانەیەی باوکمی لێکەوتووە زۆر بە گرانی دەتوانیت سستەرێک و برینپێچێک و یاریدەرەرێکی پزیشک و پزیشکێک و دواتر سەرۆکی بەشێکیش لە نەخۆشخانەکەدا لەگەڵ یەکتر و لەیەکتر جیا بکەیتەوە.. چەند جارێک چەند کەسێکیان دەهاتنە لای باوکم ، بە کوڕ و کچیانەوە بە درێژایی رۆژەکان ، نەمدەزانی کامە سستەرە ، کامە برینپێچ ، کامە پزیشک.. هەرهەموو بە یەک شێواز ، بە یەک رەنگ جلوبەرگ ، بە یەک زمان و پێکەنین دێنە بەردەم نەخۆش و کەسوکاری نەخۆشەکە ، کە نەتوانیت هیچ جیاوازیەک لە نێوانیاندا بەدی بکەیت.. هەتا پرسیم کامە پزیشکەکەیە ، دەستیان راکێشا وتیان: ئەوەتا.. پرسیان بۆ دەپرسیت ، بە راستگۆیی وتم: چونکە نەمتوانی بە هیچ شتێکدا بیناسمەوە تەنانەت بە هەلسوکەتەکەیدا.. ئەو کەسەی لێم پرسی و وەڵامی دەدامەوە،بە سەرسوڕمانیەوە پرسی: مەبەستت لە هەڵسوکەوت چیە؟ ئەو دەم شەرمم کرد وەڵامی راستگۆی بدەمەوە ، وتم هەروا پرسیم..
ئەوەی ئەو تێبینیەی لا دروست کردم و شەرمم کرد لەلای ئەوان بیدرکێنم، ئەو هەموو بەدەورا هاتن و نەرم ونیانی و بایەخدانە بە نەخۆش لەلایەن هەموو کارمەند و ستافی نەخۆشخانەکەوە بە هەموو نەخۆشەکان بە بێ جیاوازی ، تەواو پێچەوانەی کەشوهەوای ناو نەخۆشخانەمانی لای ئێمە.. بە بیرم گەڕامەوە بۆ ساڵانێکی دوور و بیری مامەڵەی زۆر لە پزیشک و سستەر و برینپێچ و یاریدەدەری پزیشکەکانی لای خۆمانم وەبیرهاتەوە.. کە چۆن بە تووڕەییەوە وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە ، ئەوە جگە لە شێوازی ناشرینی مامەڵەکردنی نەخۆش و کەسوکاری و لێ تووڕەبوونیان.. ئیتر خۆ ئەگەر پزیشکەکە نزیکی حزبێک بێت و دەستڕۆیشتوو بێت ، یان نەۆخۆشێک کەسێکی بەرپرسێک و دەستڕۆیشتوویەکی حکومەت بێت ئەوە هەر مەپرسە چی بۆ دەکرێت.. هەروەک دەبیسمەوە ئیستاش خراپتر بووە چاک نەبووە...
هەرچی بیر دەکەمەوە مامەڵەکردن هونەرە ، ئەو هونەرەی هەموومان وادەزانین زۆر باشی لێدەزانین ، کەچی نازانین هەندێ جار بە قسەیەک یان هەڵسوکەوتێکی پچووک کەسێک بریندار دەکەین ، کە دەکرێ بە بیرکردنەوەیکی کەم بتوانین خۆمانی لێ بپارێزین، بە کەمێک هونەر..
هەر ئەو کەلتووری خۆ بەزلزانینەیە لە بەرانبەردا جۆرێک لە کەسان هەن ئەگەر کەسێک پزیشک بوو یان هەر پلەیەکی زانستی و ئەدەبی هەبوو خۆی بە زل نەزانی رێزی لێناگرن، یان هەر نەبێت سەیریان لێدێت کەسێک لەخۆبوردوو و سادە بێت لەگەڵ کەسانی تردا..
ئەمە کەلتوورێکە زۆر لە مێژە کاری لەسەر دەکرێ چ لە ناوەندی سیاسی ، کولتووری و رۆشنبیری ، هەروەها چ لە ناوەندەکانی تردا.. کە بەداخەوە هەتا ئیستا بە پێچەوانە و هەڵە کاری لەسەر دەکرێ و دەچەسپێنرێ لە جیاتی ئەوەی بیگۆڕین..
چونکە گەورەیی نەپزیشک و نە بەرپرسێک ، هەروەک نە هیچ شاعیرێک یان نووسەرێک بەوە نیە خۆی لە خەڵکی سادە بەدوور و بەرزتر بگرێت ، گەورەیی راستەقینە لەناو کەسانی سادەدایە ، ئەو دەمەی لەسەر ئەژنۆ بۆ منداڵ دادەنیشتیت و لەبەردەم گەورەترین بەرپرسدا خۆت بە گەورە بزانیت..

سه‌رنج:
ئه‌م نامه‌یه‌, ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه‌, كه‌ ڤینۆس خان ناردویه‌تى بۆ زه‌نگ, به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌وده‌م زه‌نگ له‌ده‌رچون وه‌ستابوو, بۆیه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى دواكه‌وه‌ت بۆ ئێستا.

په‌یوه‌ندى:        zeng_rojane@yahoo.com         zengkurd@yahoo.com