رۆژنامه‌یه‌كى ئه‌لیكترۆنیى رۆژانه‌ى ئازاده                                                

ماڵه‌وه  |   هه‌واڵ   |   وتار   |  وه‌رزش  |   چاوپێكه‌وتن   |   گۆشه‌كان  |  ئه‌ده‌ب و هو‌نه‌ر  |   به‌دواداچون و ڕێپۆرتاژ    |  سه‌باره‌ت به‌زەنگ |   ئه‌رشیڤ   |   په‌یوه‌ندى

 

 

زه‌نگێك بۆ هۆشیارى هاووڵاتى..
زه‌نگێك بۆ بێدارى ده‌سه‌ڵات..

وتار

چیرۆكی پەنابەرە كوردەكان لە بەهەشتە خەیاڵییەكەی یۆناندا


كاروخ مه‌لا ئه‌سعه‌د-یۆنان
زۆرینەی گەنجانی كورد، وا دەزانن لەگەڵ گەییشتنیان بە یۆنان، دەرگەی هەموو وڵاتێكیان بۆ واڵا دەبێت و، بە ئارەزووی خۆیان كام وڵاتیان مەبەست بێت، دەتوانن پێی بگەن. هاوكات وا هەست دەكەن لەوێ هەموو هیوا و ئاواتێكیان دێتە دی، بەڵام بە پێچەوانەوە، بە گەییشتنیان بۆ یۆنان و پاش ماوەیەكی كورت لەو وڵاتە، هەموو ئەو شتانەی كە پێشبینییان دەكرد پێچەوانە دەبنەوە و، دەبنە بڵقی سەر ئاو و، لەو خەوە بە ئاگا دێن.
نكۆڵی لەوە ناكرێت كە زۆرێك لەو گەنجە كوردانەی ڕوو لە ئەورووپا بە گشتی و وڵاتی یۆنان بە تایبەتی دەكەن، نەیانتوانیوە خۆیان بدۆزنەوە و هەستیان بە بوونی خۆیان لە كوردستان نەكردووە، بۆیە بەو هیوا و ئارەزووەوە ڕوو لە ئەورووپا دەكەن و دەیانەوێت قەرەبووی نەبوونیی خۆیان لە هەندەران بكەنەوە و، بتوانن بەختەوەرانە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە ژیانێكی شایانە بەسەر ببەن، بەڵام ئەمە نەك هەر بۆچوونێكی هەڵەیە، بەڵكوو كارەساتیشە بۆ ئەو هەموو گەنجە كە بەو ئەقڵییەتەوە ڕوو لە هەندەران دەكەن، خۆیشم كە یەكێك بووم لەو گەنجە كوردانەی بەو و هیوا و ئارەزووەوە پەنام بۆ ئەورووپا برد، بەڵام بەر لەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك گەنجی كورد بگەینە یۆنان، لە ڕێگەدا دەردەسەرییەكی یەكجار زۆرم چێشت، زۆرجار بە هۆی ئازار و نیگەرانییەكی لەڕادەبەدەر خەیاڵ دەی بردین و پرسیارمان لە یەكدی دەكرد و دەمانگوت: ئەم ئازارە تاكەی؟، بەڵام هەرخۆمان وەڵامی خۆمانمان دەدایەوە و دەمانگوت: هەموو ناخۆشییەك خۆشی لە دواوەیە، ئەوە دەستپێكە و كۆتایی ماوە. بۆیە بەو خەیاڵەوە بەرگەی هەموو ناخۆشییەكی شاخ و باران و بە فر و خۆحەشەردان و سندوقی ئۆتۆمبێل و ڕاكردن لە دەست سەربازی توركی و یۆنانی دەگرت.
چەند لایەنێكی ژیانی پەنابەران
گومانی تێدا نییە تەواوی كوردەكانی یۆنان لە دۆخێكی چەقبەستووی بێكاریدا دەخولێنەوە، زۆربەیان لەگەڵ بەرەبەیان پۆل پۆل و بە یەكەوە لە نێوجەرگەی شاردا بە جلوبەرگێكی ناڕێكەوە دەوەستن، بەو هیوایەی كارێكیان دەست بكەوێت، جا هەر كارێك بێت! تەنیا بڕێك پارەی تێدا بێت، لەگەڵ بینینی هاووڵاتییەكی ئاسایی یۆنانیدا، بە تایبەتی ئەگەر پێویستی بە كرێكارێك یان دوو كرێكار هەبێت، هەموو بە یەكەوە ڕادەكەن بۆی، بەو هیوایەی چانسیان هەبێت لە دۆزینەوەی كار بۆ ئەو ڕۆژە، هاوكات لەگەڵ ئەوەیشدا كرێكارە كوردەكان لە ژێر گوشارێكی زۆر و ناڕەحەتییەكی سەخت كار دەكەن و، زۆرجاریش قسەی ناشرینیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە. هەموو ئەو ئازار و ئەشكەنجەیشیان لە پێناوی ژیانێكی زۆر سادەیە، بەوەی كە بەو بڕەپارەیەی دەستیان دەكەوێت، خواردنێكی پێ بخۆن، هەروەها زۆرجاریش لە سەعات 6ـی بەیانییەوە تاوەكوو 12ـی نیوەڕۆ بە بێ ئەوەی هیچ كارێكیشیان دەست بكەوێت، لەگەڵ گەڕانەوەیشیان بۆ ماڵەوە لەسەروی هەموو خەمێكەوە، زیاتر لە 10 كەس لە یەك ژوور دەخەون، سەرباری ئەمەیش زۆرینەی گەنجە كوردەكان گیرۆدەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان بوون.
ئەو گەنجە كوردانە، كە تاكە ئومێدێكیان ڕزگاربوونیانە لەو دۆخە و بەو ئاواتەوەن بگەڕێنەوە كوردستان، بەڵام بە هۆی هەستكردن بە شەرمەزاری لە بەرانبەر خێزان و كۆمەڵگە، ناگەڕێنەوە و درێژە بەو ژیانە كولەمەرگییە دەدەن.
ئەو بەهەشتە خەیاڵییەی كە گەنجی كورد بەرەو هەندەران پەلكێش دەكات، هەرگیز خەونە ڕەنگاوڕەنگەكانی گەنجان ناهێنێتە دی و، دواجار ژیانیانیشیان لێ تێك دەدات و، زۆرێكیشیان هەموو ئەو شتانە لە دەست دەدەن كە لە كوردستان خاوەنی بوون.

 

 

ٌڕۆژنامه

دوا ژماره‌ى هه‌فته‌نامه‌ى زه‌نگ
لاپه‌ڕه‌كان

 8  7  6  5  4  3  2  1

  ناقوس اخر عدد

صفحات

 4 3 2 1

 

 

zengkurd © 2007 - 2008  All rights reserved