له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ بۆ هه‌موو جیهان

 

زه‌نگ كورد

zengkurd.net

 

 

زه‌نگێك بۆ هۆشیارى هاووڵاتى.. زه‌نگێك بۆ بێدارى ده‌سه‌ڵات

 

په‌روه‌رده‌ى جیاوازیكردن

عه‌بدوڵڵا سابیر



إنسان له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى دواكه‌وتوى وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێمه‌ دا هه‌ركه‌ له‌ دایك بو لوتى به‌ دیواره‌ به‌رزه‌كه‌ى جیاوازیدا ئه‌ته‌قێ، به‌ تایبه‌ت كه‌ كچ بو. ئه‌و رۆژه‌ مالأ خامۆشه‌بێ، هه‌ندێك له‌ باوكان مالأ به‌ جێدێڵن، "تاوانه‌كه‌ش" هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌خرێته‌ ئه‌ستۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و دیوى دیواره‌كه‌ كه‌ له‌ نێو چوار دیواردا گۆشه‌گیركراوه‌. له‌ راستیدا كچ یاكوڕ ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى ئه‌وه‌ى تۆوه‌كه‌ ئه‌چێنێ! ئیتر جیاوازیكردن ده‌سپێده‌كا: كوڕ ئه‌گه‌ر مناڵتریش بێ، ته‌مه‌ڵ بێ، خوێڕى بێ خۆى بۆ باڵاده‌ستى ئاماده‌ ئه‌كا، ئه‌ى بۆ نا؟ كێ خوا پێى ئه‌دا پێڵاوى بۆ بۆیه‌ بكرێ، ئاوى بۆ ریشتراشین بۆ گه‌رمكرێ، نانى بۆ بخرێته‌ به‌رده‌ست و فرمانه‌كانى جێبه‌جێبكرێ؟ ئه‌گه‌ر به‌چاوى خۆى باوكى به‌و إمتیازاتانه‌وه‌ ببینێو دایكى لێى به‌به‌ش، چۆن ئیتر ئه‌و هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ مه‌شق له‌سه‌ر لاساییكردنه‌وه‌ى باوكى ناكات؟ سه‌یر له‌وه‌دایه‌ دایكانیش رێ بۆ ئه‌و جیاوازیه‌ خۆشه‌كه‌ن و پشتگیرى له‌ پۆخڵه‌واتى كوڕه‌كانیان ئه‌كه‌ن. "كوڕ ئه‌مێنێو باوك و دایك(!) نه‌ك دایكو باوك له‌ پاڵیدا ئه‌حه‌سێنه‌وه‌، كچ شو ئه‌كا ئه‌بێ به‌كچى خه‌ڵك"! كچى نه‌عه‌نێره‌ هه‌ن ئه‌ڵێن:"كچ یه‌ك بست مه‌جالى نه‌ده‌ى ده‌نا ده‌تخوا" ئافه‌رین چۆن "غه‌سل ده‌ماغ"ى ژنت كردوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندێكانى خۆت؟ دیواره‌كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ دروسته‌كرێ و باڵه‌كێشێ به‌ سه‌ر دام و ده‌زگا حكومى و ناحكومیه‌كانا! له‌ چێشتخانه‌كانا ئه‌و دیواره‌ هه‌یه‌، پیاوه‌كان حه‌زیان له‌ ژنه‌و شه‌و نشین و ئاهه‌نگه‌كانیان به‌بێ ژنه‌! له‌ مۆبایله‌كانیانا ته‌ماشاى وێنه‌و سه‌ماى مێَینه‌كانه‌كه‌ن، حكومه‌ت و یاساكان هیى پیاون و بۆ پیاون و له‌ لایه‌ن پیاوه‌وه‌ دارێژراون، په‌نجا ساڵى كه‌ش ژن له‌ م ولاته‌دا نابێ به‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران، یان به‌ سكرتێرى گشتى حزب! ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ جیاوازى نێوان ده‌سه‌ڵات و سفرسه‌ڵات! جگه‌ له‌ جیاوازى نێوان زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ (ئه‌گه‌ر ئه‌ویان كوردبێ ئه‌میان عه‌ره‌ب، ئه‌ویان تورك ئه‌میان كورد، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر عه‌شیره‌تیش بن، جگه‌ له‌ جیاوازى نێوان خاوه‌ن بیرو باوه‌ڕه‌كان خۆیان و ئه‌وان و بێبیروباوه‌ره‌كان. ئه‌و دیواره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى دواكه‌وتوى وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێمه‌دا له‌ پان و پۆر بونه‌وه‌دایه‌. كچ و كوڕ له‌ خوێندنگه‌كاندا تێكه‌ڵاو نین مه‌گه‌ر بینا نه‌بێ، مامۆستا نه‌بێ. ئیتر ئه‌و جیاوازیه‌ باڵه‌كێشێ به‌سه‌ر خودى رێكخراوه‌ حزبى و حكومى و ناحكومیه‌كانا، "ئه‌مه‌ خزمى كاك فڵان و كاك فیسانه‌، ئه‌بێ به‌رێوه‌به‌ربێ، ئه‌مه‌ خزمى كه‌س نیه‌ ئه‌بێ له‌ به‌رێوه‌به‌رى نه‌مێنێ" "چۆن بو به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر؟" "ئه‌ى خزمى فڵان بو؟" ئیتر له‌و دیوارى جیاوازیه‌دا دو ده‌رگا هه‌یه‌ یه‌كێكیان بۆ سه‌وزایى و پاكى و روناكى، ئه‌وى تریان بۆ بیابانى بێ ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزاریه‌كان. كێشه‌ی تۆ نیه‌، خه‌ڵكانێك هه‌ن له‌ زاڵگه‌ و بازنه‌ و خاڵى پشكنینه‌كاندا وه‌ستاون، شاره‌زان ئه‌زانن كێ له‌م دیو یا له‌و دیوى دیواره‌كه‌وه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌و كێ له‌ كام ده‌رگاوه‌ ئه‌په‌ڕێنرێته‌وه‌.

په‌یوه‌ندى:        zeng_rojane@yahoo.com         zengkurd@yahoo.com